Get Mystery Box with random crypto!

وا راهاتوين خۆمان بدەينە دەست خۆمان، پێمان وايە چاكەى خۆمانمان | الـقُـرآن نـور الـقـلـوب

وا راهاتوين خۆمان بدەينە دەست خۆمان، پێمان وايە چاكەى خۆمانمان دەوێت، راكەراكى ئەوەمانە كە ئەمانەوێت، نەوەك ئەوەى الله پێى باشە، زمانمان گەرمە بە دەقەكانى تەوحيد و ئيستيعانەو تەوەكول و ناخيشمان چەشنى شەقشەقەيە لەئاست خۆدانەدەست خوا.
هەردەم هەڵوەداى خەم و پەژارەين، بەدووى دەرچەكانى خەم و خەفەتدا وێڵين، سەرمەستانە رێگەى كزيى دڵ و دەروون تەى دەكەين، بێمنەتانە دەروازەكانى دنياى غەم دەشكێنين وپڕتاو دەدەينە ئەو جيهانە، كاتێكيش خەمەكان يەخەمان دەگرن، پرتەو بۆڵە و گلەو گازندەمان نێوانى ئەرز و ئاسمان دەبڕێت، چاكەكەمان ئەوەيە كە داواى دەربازبوون لە پەروەردگارى دەكات، لەرزۆكەكەشمان ئەوانەين بە زمانى دڵ پرتەو بۆڵەمانە (خوايە بۆ؟) بەدەكانيشمان ئەوانەن دەكەونە عينادى و هەندێكيان بەرەو ئيلحاد پەلكێش دەبن.
ئەگەر كەمێك هێواشتر بڕۆين، گوێمان لە پەيامى روونى خوايە بۆمان، ئەو نايەوێت ئێمە رووەو خەم و خەفەت هەنگاو بنێين، رێنماييمان دەكات خۆنەدەينە دەست ئەو دێوەزمە ئازاربەخشە،

خەم مەخۆن بۆ ئەوەى لەدەستتان چووە (لِكَيْلَا تَحْزَنُوا عَلَى مَا فَاتَكُمْ وَلَا مَا أَصَابَكُمْ)

كێبڕكێى بێباوەڕى خەڵك خەمبارت نەكات (وَلَا يَحْزُنْكَ الَّذِينَ يُسَارِعُونَ فِي الْكُفْرِ)

تەنانەت قسە و قسەڵۆكيشيان بێتاقەتت نەكات (وَلَا يَحْزُنْكَ قَوْلُهُمْ)

نيشانمان دەدات پەنا بە زاتى خۆى بگرين لە خەم و خەفەت، ئەگەريش لەپاى هەڵەى خۆمان، يان بەرەنجامى ئاكار و گوفتارى چواردەورمان تووشى بووين، دڵ بدەينەوە بە الله، ئەو مەبەستيەتى خەممان لەسەر هەڵگرێت، بێئاگا نيە لە پەژارەى ئێمە، دەستەوسانيش نيە لەئاست گۆڕين و نەهێشتنيدا، دەست و دڵ و زمانى خۆمانى دەوێت وەك كەرەستە، (إِنَّمَا أَشْكُو بَثِّي وَحُزْنِي إِلَى اللَّهِ)
بەوەشەوە ئەگەر خۆ لەشايستەبوون نەبوێرين، بێ ئەو داخوازيەش هەر خۆى دێت بە دەممانەوە.
خۆ دايكى مووسا ئۆقرەى لێ هەڵگيرابوو بۆ كۆرپەكەى، لەولاشەوە الله بڕيارى دابوو شيرى هەموو ميسر لە مووسا حەرام بێت شيرى دايكى نەبێت، تەنها و تەنها بۆ دڵدانەوەى دايكى، بەس ئەوەش نا، دەبێت ساواى نێو نيل ببێتە پێغەمبەرێك و فيرعەون لەكۆڵ ميصر بكاتەوە.
زۆرجار خەفەتەكانمان پاداشتى خەمێكى ديكەمانن كە رێمان پێ نەدرابوو خۆبدەينە دەستى، جارى وايش هەيە خەمێكى گەورە كراوەتە قوربانى خەفەتێكى بچووكمان، بەڵام چاو و دڵى ئێمە نەيتوانيوە سنوورى خەفەتەكە ببڕێت هەتا غەمە گەورەكە ببينێت، لەم لاوازييەى ناخمان لەنێو ئەو هەموو جەنجاڵى و تاڵاوانەدا، جێى خۆيەتى بۆ رزگاربوون خۆمان تەسليمى ميهرەبانێكى زاناى بەهێزى بەخشندە و بەئاگا بكەين (اللهم لا تكلني الى نفسي طرفة عين)


نهاد جلال